پوتین توانی یارییەكە لە ئیدلیب لە ئەردۆغان بباتەوە

 پوتین توانی یارییەكە لە ئیدلیب لە ئەردۆغان بباتەوە


٥ی ٣ی ٢٠٢٠ رەجەب تەییب ئەردۆغان چووە مۆسكۆ و بۆ ماوەی شەش سەعات لەگەڵ ڤلادمیر پۆتین لەبارەی ئیدلیبەوە كۆبوونەوەیان كرد، لەو كۆبوونەوەیەشدا لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتن كە دیارترینیان راگەیاندنی ئاگربەست بوو، بەڵام قسەكانی ئەو دوو سەرۆكە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە و دەقی رێككەوتنەكە وەكوو یەك نەبوون، بۆیە بەرپابوونی شەڕ ئەگەرێكی بەهێزە و شەڕە گەورەكە تەواو نەبووە.

ئەو دوو سەرۆكە لەسەر سێ خاڵ رێك كەوتوون، بەڵام هیچ روونییەك لە خاڵەكاندا نییە و بە شێوەیەك كورتە كە لە كاتی خوێندنەوەیدا بۆت دەردەكەوێت ئەوان رێك نەكەوتوون تەنیا كاتیان پێویستە بۆ زیاتر گفتوگۆ و رێككەوتنێكی كۆنكرێتی. ئەمەش بە بۆچوونی زۆرێك لە شڕۆڤەكارانی توركیا.

ماڵپەڕی (BBC)ی توركی لەو ڕووەوە بەدواداچوونێكی كردووە و، دەڵێت لەو كۆبوونەوەیەدا ئەوەی براوە بووە پۆتین بووە، چونكە ئەوەی ئەردۆغان داوای كردووە بۆی جێبەجێ نەكردووە، بەڵام پوتین داكۆكی كردووە لەوەی هێزەكانی ئەسەد لەو شوێنانەی گرتوویانە دەمێننەوە.

خاڵی یەكەمی ڕێككەوتنەكە باس لە ئاگربەستێكی كاتی دەكات، بەڵام ئەردۆغان گوتی هەموو هەوڵێكی ئێمە بۆ ئەوەیە ئاگربەستێكی بەردەوام بهێنینە كایەوە.

بۆیە ماڵپەڕی ناوبراو دەنووسێت: "پوتین بە ئاشكرا گووتوویەتی ئێمە و سووریا شەڕ لەدژی تیرۆریستان ڕاناگرین، بە گوێرەی رێككەوتنی سوچێش كە نەتەوە یەكگرتووەكانیش تێیدا بەشدار بووە، تەحریرئەلشام و بەرەی نووسرە كە ئێستا تەواوی ئیدلیبیان لەژێر كۆرنتڕۆڵ دایە، دوو هێزی تیرۆریستین، ئەمەش دەری دەخات كە دەبێت ئیدلیب لەوان بسەنرێتەوە و بدرێتەوە دەستی سووریا و رووسیا. بۆیە ئەگەر شەڕ لەدژی ئەوان بەردەوام بێت، ئاگربەست كۆتایی دێت و شەڕەكە دووبارە دەست پێ دەكاتەوە“.

ئەردۆغان باسی لەوە نەكردووە كە ئەگەر هێرش بكەنە سەر ئیدلیب، وەڵامی توندیان دەبێت، بەڵكوو گوتی ئەگەر ئەسەد هاووڵاتیی سڤیل بكاتە قوربانی توركیا وەڵامی دەبێت، چونكە ئیدی ناتوانن بەرگەی ئەو هەموو ئاوارەیە بگرن، ئەمەش بە واتای ئەوەی توركیا دەستی لە ئیدلیب شۆردووەتەوە.

هەر بە گوێرەی رێككەوتنەكەی توركیا و رووسیا، رێگای M4 كە كەوتووەتە دەست سووریا و رووسیا، پێویستە بە درێژایی ٦ كیلۆمەتر كۆریدۆرێكی لێ دروست بكرێت و توركیا و رووسیاش بە یەكەوە مانۆڕەی سەربازی لێ ئەنجام بدەن، بەڵام ماڵپەڕی (T24)ی توركی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لەو رێككەوتنەدا باس لە رێگای M5 نەكراوە، كە ئەو رێگایەش لە دەستی چەكدارانی ناو ئیدلیب دەرهێنراوە و ئێستا لە دەستی هێزەكانی ئەسەدە و بە ستراتیژیترین رێگا دادەنرێت، چونكە شام و حەلەب بە یەكتری دەبەستێتەوە، ئەمەش بەو واتایەی كە ئەو رێگایە لە دەستی توركیا و تەحریرئەلشام دەرچوو و ئیدی سووریا سەرپەرشتیی دەكات، ئەمەش هەر بردنەوەیەكی گەورەیە بۆ پۆتین.

یەكێك لە خاڵە هەرە سەرەكییەكان كە لەوێشدا توركیا نەگەیشتە ئامانجی خۆی، ئەویش دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامە بە قووڵایی٣٠ كیلۆمەتر لەسەر سنووری سووریا و توركیا كە زۆربەی ئەو ناوچەیەش دەكەوێتە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام لە كۆبوونەوەی پۆتین و ئەردۆغاندا، بە هیچ شێوەیەك باس لەو بابەتە نەكرا و توركیا نەیتوانیوە بڕوا بە پۆتین بهێنێت بۆ دروستكردنی ئەو ناوچە ئارامە، تەنیا لەسەر ئەوە رێككەوتوون بە درێژایی ٦ كیلمەتر لە رێگای M4 ناوچەیەكی ئارام دروست بكەن، كە ئەمەش تیمار دەردی توركیا ناكات بۆ كۆكردنەوەی ئاوارە سوورییەكان لەو ناوچەیە.

هەر بە گوێرەی ئەو رێككەوتنە، نە توركیا لە سووریا دەكشێتەوە و نە سووریاش لە ئیدلیب دەكشێتەوە. پێشتر توركیا داوای كردبوو كە سووریا لە هەموو ئەو شوێنانە بكشێتەوە كە كۆنتڕۆڵی كردوون لە ئیدلیب، بەڵام پۆتین ئەمەی قبوڵ نەكردووە و گوتوویەتی شتی وا مەحاڵە، ماڵپەڕی (BBC) توركیش باس لەوە دەكات، كە پۆتین گووتوویەتی بە گوێرەی رێككەوتنی سووچی، دەبێ توركیاش خاڵە پشكنینەكانی لە ئیدلیب بكشێنێتەوە، بەڵام ئەردۆغان بە پۆتینی گوتووە ئەوان ئامادە نین هێزەكانیان لە ئیدلیب و ئەو خاڵە پشكنینانە بكێشنەوە، بۆیە پوتینیش رازی بووە.







باسنيوز
Top