کاندیدە عەرەبەکان 17 کورسیی پەرلەمانی ئیسرائیل بەدەست دەهێنن

کاندیدە عەرەبەکان 17 کورسیی پەرلەمانی ئیسرائیل بەدەست دەهێنن
کاندیدە عەرەبەکانی ئیسرائیل 17 کورسیی پەرلەمان (کنێست)ی ئیسرائیلی بەدەست دەهێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-3-2020، رۆژنامەی (هارێتس)ی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لیستی هاوبەشی عەرەبی، کە لە ژمارەیەک حزب و لایەنتی عەرەبی پێکدێت، 15 کورسیی پەرلەمانی بەدەست هێناوە.

هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، دوو کەسایەتیی عەرەبیی دیکە لە حزبە جوولەکەکان کورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە.

رۆژی دووشەممە 2-3-2020، هەڵبژاردنی کنێستی ئیسرائیلی ئەنجام درا و تێیدا هەردوو پارتی (لیکۆد) و (شین و سپی)، رکابەرییان لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکان، کرد.

رۆژی سیشەممە 17-9-2019، هەڵبژاردنی کنێست ئەنجام درا و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهۆ 32 کورسیی کنێستی بەدەستهێنا و پارتی شین و سپیش بە سەرۆکایەتیی بینی گانتس 33 کورسی بە دەست هێنا.

نەتانیاهۆ و دواتریش گانتس نەیانتوانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیان پێک بهێنن، بۆیە رۆژی پێنجشەممە 12-12-2019، کنێست بە دەنگی 94 ئەندام، بڕیاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی لە رۆژی 2ـی ئاداری 2020، دا.

کنێست (پەرلەمان)ی ئیسرائیل لە 120 ئەندام پێک دێت و کام لایەن زۆرینەی کورسییەکان بە دەست بهێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیاری دەکات، بەڵام پێویستە رەزامەندیی 61 پەرلەمانتار، بەدەست بهێنێت.












باسنيوز


Top