ترەمپ مووچەکەی دەبەخشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا

ترەمپ مووچەکەی دەبەخشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا
سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، سەرۆکی ئەمریکا مووچەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبەخشێت.

ستیفانی گریشمان، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە توویتەر رایگەیاندووە "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پابەندە بە بەخشینی مووچەکەی و بۆ رێزگرتن لەو بەڵێنە و زیاتر پاراستنی گەلی ئەمریکا مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2019ی دەبەخشێ بە وەزارەتی تەندروستی بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانیان لە رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

بەپێی ئەو چەکی بانکەی کە سکرتێری گشتیی رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە "سەد هەزار دۆلار" لەلایەن ترەمپەوە بەخشراوە.

لە ئەمریکا تاوەکو ئێستا نۆ کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون زیاتر لە 100 کەس دەبن.

لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 159 کەس گیانیان لەدەستداوە و 92 هەزار و 808 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 48 ژەزار و 201 کەسیش چاکبوونەتەوە.
Top