چین بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی فڕۆکەیەک رەوانەی ئێران دەکات
رۆژنامەی گلۆباڵ تایمزی چین کە سەر بە حکومەتی ئەو وڵاتەیە ئاشکرایکرد، ئەمشەو فڕۆکەیەکی چینی کە 200 کورسی لەخۆدەگرێت دەگاتە تارانی پایتەختی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چینییانەی لە ئێراندان و ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
بە گوتەی رۆژنامەکە، کاری پێشینەی تیمە چینییەکە گەڕاندنەوەی نزیکەی 30 قوتابی چینییە لە شاری قومی ئێران کە بە ناوەندی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێت لەو وڵاتە، سەرقاڵی خوێندنن.
پاشان لە قۆناخی دووەمدا و بەگوێرەی ئامادەکارییەکان کار دەکرێت بۆ ئەو بازرگان و کارمەندانەی چین کە لە ئێراندان و دەیانەوێت بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 3-3-2020 یاریدەدەری وەزیری تەندروستیی ئێران تووشبوونی دوو هەزار و 336 کەسی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و دەڵێت، تاوەکو ئێستا 77 کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوو 11 کەسی دیکە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە. زۆرترین ژمارەی تووشبووان لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە رۆژێکدا تۆمارکراوە کە 835 کەسن.
لە 19ـی مانگی رابردوو ئێران گیانلەدەستدانی دوو کەسی بە ڤایرۆسەکە لە شاری قوم راگەیاند. بە تۆمارکردنی ئەو ژمارەیە ئێران لە دوای چینەوە دێت کە زۆرترین کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 900 کەسن.
لە چین ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و بەوهۆیەوە بەشێک لەو نەخۆشخانانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دروستکرابوون، داخران، بەتایبەتی لە شاری ووهان.
