نەتانیاهۆ سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردن راگەیاند

 نەتانیاهۆ سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردن راگەیاند


سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان (کنێست)ی وڵاتەکەی، راگەیاند.

رۆژی دووشەممە 2-3-2020، هەڵبژاردنی کنێستی ئیسرائیلی ئەنجام درا و تێیدا هەردوو پارتی (لیکۆد) و (شین و سپی)، کابەریی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانیان کرد.

دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان و دەرچوونی ئەنجامە بەراییەکان، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر و سەرۆکی لیکۆد سەرکەوتنی خۆی و حزبەکەی لە هەڵبژاردنەکە، راگەیاندووە.

رۆژی سیشەممە 17-9-2019، هەڵبژاردنی کنێست ئەنجام درا و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهۆ 32 کورسیی کنێستی بەدەستهێنا و پارتی شین و سپیش بە سەرۆکایەتیی بینی گانتس 33 کورسی بە دەست هێنا.

نەتانیاهۆ و دواتریش گانتس نەیانتوانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیان پێک بهێنن، بۆیە رۆژی پێنجشەممە 12-12-2019، کنێست بە دەنگی 94 ئەندام، بڕیاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی لە رۆژی 2ـی ئاداری 2020، دا.

کنێست (پەرلەمان)ی ئیسرائیل لە 120 ئەندام پێک دێت و کام لایەن زۆرینەی کورسییەکان بە دەست بهێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیاری دەکات، بەڵام پێویستە رەزامەندیی 61 پەرلەمانتار، بەدەست بهێنێت.

بنیامین نەتانیاهۆ، کە لە ساڵی 1949 لەدایک بووە، چەندین پۆستی باڵای وڵاتەکەی وەرگرتووە و چەند خولێکیش (لە 1996-1999) و (2009- 2019) سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە.







باسنیوز
Top