سەرکۆنسوڵی چین لە ئیستەنبووڵ: مەترسییەکانی کۆرۆنا لە کەمبوونەوەدان و پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات

سەرکۆنسوڵی چین لە ئیستەنبووڵ: مەترسییەکانی کۆرۆنا لە کەمبوونەوەدان و پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات
سەرکۆنسوڵی چین لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، مەترسییەکانی کۆرۆنا لە کەمبوونەوەدان و ئیدی پێویست ناکات خەڵکی ناوچەکە دڵەڕاوکێ بۆ خۆیان دروستبکەن.

جۆی وێی، سەرکۆنسوڵی چین لە ئیستەنبووڵ لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، هەشت هەفتە بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تێپەڕیوە و ئێستا لە قۆناخی هێوربوونەوەداین. هەروەها جۆی وێی لەبارەی چارەسەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، "هێشتا بە شێوەیەکی مسۆگەر چارەسەری کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، هەر بۆیە پێویستە ئەو چارەسەرانە بەکاربهێنرێن کە لەش بەهێز دەکەن و بەرگری زیاد دەکەن".

هەروەها سەرکۆنسوڵی چین لە ئیستەنبووڵ بە پێویستی زانی ئەو کەسانەی پێویستیان بە کەرەنتینەیە، خۆیان هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەن و تێبگەن لەوەی ئەوە بۆ خۆیان و کۆمەڵگە باشترینە. حکومەتی چین دروشمی "بیر لە خۆت و دەوروبەرت بکەوە و هەست بە بەرپەسیارێتی بکە" بەکاردەهینێت".

جۆی وێی رەتی کردەوە هیچ تووشبوویەک لە وڵاتەکەیدا بە دەستی ئەنقەست کوژرابێت. ئەوە لە کاتێکدایە چەند دەنگۆیەکی لەو جۆرە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتییش لە تورکیا بڵاوبووەتەوە.

لەبارەی ئەگەری بنەبڕبوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەرکۆنسوڵی چین لە ئیستەنبووڵ ئاماژەی بە مانگی تەمموز کرد و جەختی کردەوە کە ئەو کاتە بە تەواوەتی مەترسییەکان لەبیردەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 02-03-2020 تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی چین بڵاویکردەوە، ئەو نەخۆشخانە هەزار تەختییەیان داخستووە کە بە 10 رۆژ بۆ چارەسەری تووشبووانی نەخۆشیی کۆرۆنا دروستیان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دوایین تووشبوو لەو 34 کەسەی لە نەخۆشخانەکە مابوونەوە، چاکبووە و لە نەخۆشخانە دەرچوو. ئەوەش دوای ئەوەی رێژەی تووشبوون بەشێوەیەکی بەرچاو لەو شارە و هەرێمی هوبی هاتەخوارەوە.
Top