یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە سعودیە تۆمارکرا

یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە سعودیە تۆمارکرا
وەزارەتی تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، یەکەم تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکە تۆمارکراوە، ئەو کەسە لە ئێران بووە و بە رێگەی بەحرێندا گەڕاوەتەوە سعودیە.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی رێکارەکانی خۆپاراستن، وەزارەت دەستبەجێ یەکێک لە تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە درمەکانی بۆ پشکنینی ئەو هاووڵاتییە نارد. نموونەی پشکنینی لێوەرگرت و پاشان ئەنجامەکەی دەرکەوت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێنراوەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئێستا ئەو تووشبووە لە نەخۆشخانە جیاکراوەتەوە و چارەسەری بۆ دەکرێت.

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی سعودیە ئەوەی خستووەتەڕوو، هەموو ئەو کەسانە کۆکراونەتەوە کە تووشبووەکە لەگەڵیاندا تێکەڵ بووە و نموونەیان بۆ پشکنین لێوەرگیراوە و گشت ئەنجامەکان بەم زووانە رادەگەیێنرێن.
Top