وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێ ١٠٣ تانکی سوپای سووریایان تێکشکاندووە

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێ ١٠٣ تانکی سوپای سووریایان تێکشکاندووە
وەزیری بەرگریی تورکیا ژمارەیەکی گەورەی لەبارەی زیان و قوربانییەکانی سوپای سووریا لە ئیدلب راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی ئاداری ٢٠٢٠، خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردەوە کە لە دوای هێرشەکەی سوریا بۆ سەر هێزەکانی تورکیا لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠، بە ناوی (ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بەهار) دەستی پێکردووە.

بە گوتەی وەزیری بەرگریی تورکیا، تائێستا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سووریا، ٨ هەلیکۆپتەر، ١٠٣ تانک، ٧٢ تۆپی قورس، ٣ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و ٢ هەزار و ٢١٢ سەربازی سووریا لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا کوژراون و تێکشکێندراون.

هەروەها رای گەیاند کە ئەوان نیازیان نییە شەڕ لە دژی ڕووسیا بکەن، بەڵکوو مەبەستیانە سنوور بۆ قەتڵوعامی سوپای سووریا دابنێن. بۆیە داوای لە ڕووسیا کرد، بۆ ڕێککەوتننامەی سوچی بگەڕێتەوە. گوتیشی: "ئەوانەی لە ئیدلب هێرشیان کردە سەر سوپای تورکیا، هێزی ڕژێمی سووریان و لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆمان، وەڵامی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد دەدەینەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ سوپای سووریا ڕەتی کردەوە هیچ فڕۆکەیەکیان کەوتنبێتە خوارەوە و ئەوەشی راگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیایان خستووەتە خوارەوە.











باسنيوز


Top