براندەکانی جلوبەرگی چین روویان لە دوورینی جلی تایبەتی پزشکی کردووە
کارگەی کۆمپانیای "ئۆگلی داک" کە لە بەندەری "وێنژۆ" لە رۆژهەڵاتی چینە، توانیویەتی هەندێک لە کرێکارانی بهێنێتەوە سەرکار و ئەو جلە تایبەتە پزشکییانە بەرهەمبهێنێت کە ئەمرۆژانە لە چین زۆر پێویستن.
پان یووی، سەرۆکی کۆمپانیای ئۆگلی داک رایگەیاند، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە کاڵاو کەرەستەی پزشکی کورتیان هێناوە. حکومەتی چین و بەرپرسانی خۆجێیی پارێزگاکەمان بڕیاریان دا ئێمە جلی تایبەتی پزشکی بەرهەمبهێنین. ئەوان کۆبوونەوە و داوایان لە ئێمە و کۆمپانیایەکی دیکە کرد جلە تایبەتەکانیان بۆ بدوورن".
جگە لە ئۆگلی داک، سەدان کارگەی دیکە لە چین بەدەم داواکاریی حکومەتی چینەوە چوون کە داوای کردووە کارگەکان دەمامک و کەرەستە و کاڵای دیکەی پزشکی بەرهەمبهێنن تاوەکوو بەسەر ئەو کورتهێنانەدا زاڵبن کە لەو بوارە دروستبووە.
هەرچەندە ئێستا جلە تایبەتە پزشکییەکانی کۆمپانیای "ئۆگلی داک" بە حکومەتی چین دەفرۆشرێن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە لە وڵاتانی دیکەی جیهان، بەرپرسانی کۆمپانیاکە بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەو جۆرە جلانەش هەناردەی وڵاتانی دیکە بکەن.
سەرۆکی کۆمپانیای ئۆگلی داک ئاماژە بەوە دەکات، "لەلایەکەوە ئێمە جلی تایبەتی پزشکی بەرهەمدەهێنین و لەلایەکیشەوە پۆشاک بۆ دەرەوەی وڵات بەرهەمدەهێنین. لە داهاتوودا کارەکانمان هەر بەم ئاراستەیە بەردەوام دەکەین".
شاری وێنژوو یەکێکە لەو شارانەی چین کە بە چڕی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەتەوە و ژمارەی تووشبووانیش زیاترن لە 504 کەس.
وێنژوو بە شارێکی گەورەی پیشەسازیی چین ناسراوە و کارکردنی کرێکارانی کۆمپانیای "ئوگلی داک" و کارگەکانی دیکە لەو شارە و لەو هەلوومەرجە ئەستەمەدا هێمایەکە بۆ توانای بەرگریی چین و پێداگری و جیددیبوونی خەڵکی چین لە دژی کارەساتە سرووشتییەکان لە هەلومەرجە نائاساییەکاندا.
