جێگری سەركۆماری ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو

جێگری سەركۆماری ئێران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو
كەمێك پێش ئێستا پەیامنێری تۆڕی هەواڵی (رووسیا تودەی)، ئاشكرای كرد كە مەعسومە ئیبتیكار جێگری سەركۆماری ئێران بۆ كاروباری ئافرەتان تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكلا بووەتەوە

ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ موجتەبی زولنور سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران تووشبوونی بە ڤایرۆسە كوشندەكە راگەیاندرا.

پێشتریش ئیرەج حەریرچی جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران تووشبوونی بە ڤایرۆسەكە راگەیاندرابوو.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممەش، وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندبوو كە ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوێنێوە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ١٣٩ تووشبووەوە بۆ ٢٤٥ تووشبوو زیادی کردووە.

زیاتر لە هەزار کەسی دیکە بەهۆی ئەگەری تووشبوونیان بە کۆرۆنا، خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و زیاتر لە ٢٠ پارێزگای ئێرانیش ئەگەری بوونی ڤایرۆسەکەیان لێ دەکرێت.

ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە لە ئێران گیانیان لەدەست داوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ١٩ کەسەوە بۆ ٢٦ کەس بەرز بووەتەوە.











باسنيوز


Top