ئێران: ١٠٦ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و تائێستا ٢٦ کەس گیانیان لەدەست داوە

ئێران: ١٠٦ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و تائێستا ٢٦ کەس گیانیان لەدەست داوە
وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی زیادبوونی زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی دیکەی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

کەمێک لەمەوبەر، وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوێنێوە تاوەکوو نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠، لە ١٣٩ تووشبووەوە بۆ ٢٤٥ تووشبوو زیادی کردووە.

هاوکات ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە هەزار کەسی دیکە بەهۆی ئەگەری تووشبوونیان بە کۆرۆنا، خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و زیاتر لە ٢٠ پارێزگای ئێرانیش ئەگەری بوونی ڤایرۆسەکەیان لێ دەکرێت. باسیش لەوە دەکرێت کە لەنێو ئەم پارێزگایانەدا، دوو حاڵەت لە پارێزگای کرماشان و حاڵەتێکیش لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون.

هەر بە گوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەی تائێستا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ١٩ کەسەوە بۆ ٢٦ کەس بەرز بووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانیی خۆی لەبارەی بەخێرایی زیادکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دەربڕیوە.











باسنيوز


Top