ترەمپ: مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا لەئاستێکی نزمدایە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مەترسی بڵاوبونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتەکەیدا لە"ئاستێکی نزمدایە"، مایک پێنسی جێگیریشی وەک بەرپرس لە دۆسیەی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆس کۆرۆنا دامەزراند.
لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەمو گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتانە راگرتوەکە کە توشبوی ڤایرۆسەکەی تێدا تۆمارکراوە، و رێگری لە هاوڵاتیانی ئەمریکاش کراوە کە سەردانی ئەو وڵاتانە بکەن.
بەهۆی ئەو رێکارانەی کە لەدژی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتویانەتەبەر، مەترسی لەسەر گەلی ئەمریکا زۆر کەمبوەتەوە
لەو بارەیەوە ترمپ وتی، بەهۆی ئەو رێکارانەی کە لەدژی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتویانەتەبەر، مەترسی لەسەر گەلی ئەمریکا زۆر کەمبوەتەوە، ئەمەش بە دانانی بەربەست لەبەردەم گەشتیارانی چین و ئەو بڕیارە گرنگانە بوە کە حکومەتەکەی لەو بارەیەوە دەریکردون.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد،"کۆنگرێسی ئەمریکا 2.5 ملیار دۆلاری تەرخانکردوە بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا پێویستمان بە تەرخانکردنی پارەی زیاتر هەیە بۆ ئەو مەبەستە".
لەلایەن خۆیەوە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند،"لەگەڵ کۆنگرێسدا کاردەکەین بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی هاوڵاتیان لەو ڤایرۆسە و خۆ ئامادەکردن بۆ هەر هەڕەشەیەک کە لەداهاتودا ئەگەڕی روبەڕوبونەوەمان لەگەڵیدا هەبێت".
25ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندوە، تیمەکانی توێژینەوەی تەندروستی ئەمریکا نزیکبونەتەوە لەدۆزینەوەی ڤاکسینێکی کاریگەر کە توانای کوشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رونیشیکردەوە، وڵاتەکەی لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هەمو ئەو وڵاتانەی کە توشبوی ڤایرۆسەکەیان تێدا تۆمارکراوە، دەشڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
خەندان
