18 ملیۆن دۆلار بۆ میوانداریکردنی ترەمپ لە هیندستان خەرجکراوە

18 ملیۆن دۆلار بۆ میوانداریکردنی ترەمپ لە هیندستان خەرجکراوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 24ـی شوبات سەردانی هیندستانی کرد؛ هەرچەندە ماوەی سەردانەکە لە دوو رۆژ کەمتری خایاند (36 کاژێری خایاند)، بەڵام نزیکەی 18 ملیۆن دۆلار خەرجکرابوو بۆ رێوڕەسمی پێشوازی و مانەوەی ترەمپ.

لەکاتی گەیشتنی ترەمپ بۆ هیندستان پێشوازییەکی گەورەی لێکرا و لە گەورەترین یاریگەی کریکێتی جیهان بە ئامادەبوونی 100 هەزار کەس لەگەڵ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان گوتارێکیان پێشکەشکرد.

لە شەقامەکانی شاری ئەحمەدئابادیش نزیکەی 30 هەزار کەس بە گوڵەوە چاوەڕێیان دەکرد و 12 هەزار پۆلیس چاودێریی دۆخەکەیان دەکرد؛ گوتارەکەی تەنیا سێ کاژێر بوو، بەڵام 11 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو.

لە رۆژی دووەمی سەردانەکەیدا لەگەڵ مێلانیا ترەمپی هاوژینی، چوونە مۆنۆمێنتی تاج مەحەل، لەوێشدا زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار خەرجکرابوو بۆ گەورەکردنی شەقامەکان و گۆڕینی ئاوی رووبارەکان لەپێناو کەمکردنەوەی بۆنی ناخۆشی ناوچەکە.

هەروەها 840 هەزار دۆلار بۆ بەشێک لە شەقامەکان دابینکرابوو بۆ دروستکردنی دیواری گەورە و شاردنەوەی دیمەنە ناشرینەکانی شارەکە.

خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ سەردانەکەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە نزیکەی 200 ملیۆنی کەس لە دانیشتووانی هیندستان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و هیندستان لەڕووی داهاتی ساڵانەی تاک لە ساڵی 2019 لە پلەی 119ـیەم بوو لەسەر ئاستی جیهان.
Top