لەترسی کۆرۆناوە ئیتاڵییەکان شاری چینییەکان لە میلان چۆڵدەکەن

لەترسی کۆرۆناوە ئیتاڵییەکان شاری چینییەکان لە میلان چۆڵدەکەن
شاری چینییەکان لە شاری میلانی ئیتاڵیا ئێستا لە ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەس ناوێرێ بچێتە ناوی، بازرگان و فرۆشیارەکانیش ناچاربوون کۆگا و فرۆشگەکانیان دابخەن.

هەندێ لە دانیشتووانە چینییەکانی ئەو شارە دەڵێن، لەو کاتەوەی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەت بە ڤایرۆسەکە لە ئیتاڵیا تۆمارکراوە، خەڵکی مامەڵەیەکی نەشیاو لەگەڵ چینییەکان دەکەن.

ستێلا، خوێندکاری چینی دەڵێ "ئێستا لە هۆتێلێک دەژیم، چونکە خاوەنی خانووی پێشووم رێگە نادات لە شوێنە کۆنەکەم بمێنمەوە، بۆیە دەبێت لە هۆتێل بمێنمەوە. من ئێستا هەستدەکەم ستەمێکی گەورەم لێکراوە".

حکومەتی ئیتاڵیا رێنمایی دەرکردووە و ئاماژە بەوە دەکرێت، لەبەر دۆخی لەناکاوی میلان، هەموو چالاکییەکانی شارەکە تاوەکو 4ی مانگی داهاتوو دەوەستێنرێن.

خەڵکی شارەکەش ترسیان لێنیشتووە و بە پۆشینی دەمامک و کەمکردنەوەی هاتووچۆ بۆ شوێنە قەرەباڵخەکان خۆیان دەپارێزن.

گەشتیارێکی فلیپینیش دەڵێ "منیش شڵەژاوم، هەموو کەسێک شڵەژاوە، چونکە کەس نازانێت ڤایرۆسەکە لە کوێوە دێت و بۆ کوێ دەڕوات".

چایناتاون واتە (شاری چینییەکان)، شارۆچکەیەکی سەر بە شاری میلانە و بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی هاووڵاتیی چینین. تاوەکو ئێستا لە ئیتاڵیا تووشبوونی 374 کەس بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە و 12 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
Top