توێژەرانی کەنەدی: زیاتر لە 18هەزار کەس لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوون
ڕۆژنامەی "ئێستار"ی کەنەدی لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە توێژەرانی ئەو وڵاتە لەو باوەڕە دان کە زیاتر لە 18 هەزار کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ئەو ژمارەیە ٢٠٠ هێندەی ئەو ڕێژەیەیە کە دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە.
لەمبارەوە ئیزاگ بوگوچ، پسپۆڕی نەخۆشییە درمییەکان، لە زانکۆی تۆنتۆی کەنەدا کە یەکێکە لە ئامادەکارانی ئەو توێژینەوەیە، نووسیویە: "ڕادەی بەربڵاویی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران نەتەنیا جێگەی نیگەرانییە، بەڵکوو بۆ هەموو کەنەدا و دنیاش جێگەی مەترسی و هەڕەشەیە".
بڵاوبوونەوەی بەشێکە لە زانیارییەکانی ئەو توێژینەوە کەنەدییە لە کاتێکدایە کە د. کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، دوێنێ سێشەممە دوایین ئاماری مردوان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا 16 کەس مردوو و 96 تووشبوو ڕاگەیاندووە.
بەپێی زانیاریی فەرمیی میدیاکانی ئێران چەند بەرپرسێکی فەرمیی ئێرانی تووشی ڤایرۆسی کۆرنا بون کە هەتا ئێستا ناوی ئەم کەسانە بڵاو کراوەتەوە: "مەحموو سادقی، نوێنەری پەرلەمان، ئیرەج حەریرچی، جێگری گشتیی وەزارەتی تەندروستی" هاوکات موجتەبا فازڵی، بەرپرسی دارایی نووسینگەی مووسا شەبیری یەکێک لە مەرجەعەکانی تەقلیدی شیعە بەهۆی کرۆناوە مردووە.
باس لەوە دەکرێت کە عەلی ڕەبیعی، گوتەبێژی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت، بەڵام هێشتا ئەنجامی پشکنینەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.
باسنيوز
