وەزیری نێوخۆی ئێران: رووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران هۆکاری کەمیی رێژەی دەنگدەران بوون

وەزیری نێوخۆی ئێران: رووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران هۆکاری کەمیی رێژەی دەنگدەران بوون
کەمیی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران جێگەی سەرنج و تێڕامانی هەمووان بوو تەنیا بەرپرسانی ئێرانی نەبێت. وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژانەمڤانیدا رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لەنێو ئەو 57 ملیۆن و 918 هەزار و 159 کەسەی مافی دەنگدانیان هەیە، 42.6% بوو.

عەبدولڕەزا رەحمانی، وەزیری نێوخۆی ئێران رایگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنەمان لەکاتێکدا کرد کە چەند رووداوێک و گۆڕانکارییەک لە وڵاتەکەماندا روویاندا. لەوانە کەشوهەوایەکی نالەبار و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پرسەکانی دیکەی وەکو تێكشانی ئەو فڕۆکەیە و رووداوەکانی تشرینی دووەم و کانوونی دووەم. لە تێڕوانینی ئێمەدا لەبەر ئەوەی ئەو رووداوانە هەبوون، ئەم ژمارەیەی ئەو خەڵکانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە، جێگەی قبووڵە".

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەر لە راگەیاندنی ئەنجامەکان ئاماژەی بەوە دا کە دەستێکی دەرەکی هەبووە و ویستوویەتی لە بایەخی هەڵبژاردنەکان بێنێتە خوارەوە و متمانەی خەڵک بە پرۆسەکە کەمبکاتەوە.

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی راستی بێت، دەبێت سوپاسی گەلی ئێران بکەین. دەزانن کە دووژمنان ئەوەی لە توانایاندا بوو لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە کردیان. باس لە چەند رۆژی رابردوو ناکەم. ئەوان چەند مانگە کار لەسەر ئەمە دەکەن و دەڵێن ئەمە هەڵبژاردنێکی راستەقینە نییە و ئەنجوومەنی پاسداران ئەمەی کرد و ئاوای کرد".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دوای چەند مانگێک لە خۆپێشاندانێکی سەرتاسەریی وڵاتەکە دێت لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستدا و مردنی ئەو خەڵکە تووڕەیی ئێرانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
Top