نوێترین راپرسی لە تورکیا: دەنگەكانی ئاكەپە بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە

 نوێترین راپرسی لە تورکیا: دەنگەكانی ئاكەپە بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە


دەزگایەكی راپرسی لە توركیا، كە ئەو دەزگایە زۆربەی ئەنجامی راپرسییەكانی راست دەرچوون، ئاشكرای دەكات كە ئەگەر بەیانی لە توركیا هەڵبژاردن بکرێت، ئاكەپە رێژەی دەنگەكانی بە رێژەیەكی بەرچاو كەم دەكات، بەڵام هەدەپە لە هەڵكشاندایە.

دەزگای راپرسی (پۆلیمەترێ)ی توركی، ئەوكاتەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیستانبۆڵ دووبارە كرایەوە، ئەو دەزگایە ئاشكرای كرد، كە ئەمجارەیان ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بە رێژەی یەك ملیۆن دەنگ بە پێش بیناڵی یڵدرم دەكەوێت، هەرواش دەرچوو و ئیمامئۆغڵو بەو رێژە زۆرە بە پێش ركابەرەكەی یلدرم كەوت و بووە سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ.

ئەو دەزگایە دەنگی پارتە سیاسییەكانی توركیا بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٨ هەڵسەنگاندووە. بە گوێرەی هەڵسەنگاندن و ئەنجامی راپرسیی ئەو دەزگایە، ئاكەپە رێژەی دەنگەكانی بۆ ٣٠٪ بەرز دەبێتەوە، لە كاتێكدا لە ٢٠١٨ ئاكەپە ٤٠٪ی دەنگەكانی توركیای بەدەست هێناوە.

مەهەپە كە پارتێكی ناسیۆنالیستی توركیایە و دژی كوردە و هاوپەیمانی ئاكەپەیە، بە گوێرەی ئەنجامی راپرسی (پۆلیمەترێ) بێت، ئەگەر بەیانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە توركیا ئەنجام بدرێت، مەهەپە ناتوانێت بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت و دەنگەكانی بۆ ٨.٩٪ كەم بووەتەوە.

بەڵام هەدەپە كەلە ٣ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا توانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، دەنگەكانی بە رێژەیەكی كەم زیاد دەكات و دەتوانێت بە ئاسانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، ئەویش بە هێنانی ١٢.٨٪ ی دەنگەكان لە تەواوی توركیادا.

هەر ئەو دەزگایە ئاشكرای دەكات، كە هاوپەیمانی (كۆماری) لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە، رێژەی دەنگەكانیان دەگاتە ٣٩٪، بەڵام هاوپەیمانی (میللەت) و پارتەكانی تری ئۆپۆزسیۆن دەنگەكانیان بۆ ٦٠٪ بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەریدەخات كە لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئاكەپە زۆرینە لە دەست دەدات، تەنانەت ئەگەر مەهەپەش هاوپەیمانی بێت.







باسنيوز
Top