روسیا: بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سوریا لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لەهەماهەنگیداین
دەستەی کەمکردنەوەی گرژییەکان رۆڵیان هەبوە بۆ گێرانەوەی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانەی هێزی هەردولای تێدایە
ئەلکسەندەر گرۆشکو، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا بە کەناڵی یەکی روسیای راگەیاندوە، دەستەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لە ناوچەکانی سوریادا بەشێوەیەکی چالاک کارەکانیان دەکەن و رۆڵیان لە دروستکردنی هەماهەنگی و بەرقەرارکردنی ئاسایش لەوناوچانەی هێزی هەردولای تێدایە دروستکردوە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردودا هێزەکانی روسیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا چەندینجار گرژی لە نێوانیاندا رویداوە، کە دواترینیان بەریەککەوتنی دو زرێپۆشی هەردو وڵات بو لەسەر رێگەی M4.
دروستبونی گرژییەکان لە کاتێکدایە هەر یەک لە مۆسکۆ و واشنتن لە سوریادا خاوەکی دو شێوازی بیرکردنەوەی جیاواز و دو روانگەی دژبەیەکن لە بارەی دۆخی سوریا و داهاتوی حکومڕانی لە دیمەشق.
باسنيوز
