لە ئێران ژمارەی مردوان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە 6 کەس

 لە ئێران ژمارەی مردوان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە 6 کەس
بەپێی دوایین زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ژمارەی مردوان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتە شەش کەس و بەگشتی هەتا ئێستا لە سەرەتاسەری ئەو وڵاتە 29 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاشکرایان کردووە کە دوێنێ کەسێکی دیکە لە شاری ئەراک گیانی لەدەست داوە و ژمارەی مردوان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٦کەس.

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای ئێران، بۆ پێشگیری لە تەشەنەسەندی ئەو ڤایرۆسە بڕیارایان داوە لە سەرتاسەری پارێزگاکانی "تاران، قوم و گێڵان" و هەندێ شاری دیکە قوتابخانە و زانکۆ و خوێندگەکان بۆ ماوەی یەک هەفتە دابخرێن.

هاوکات وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و وەزرش و لاوانی ئیران بڕیاریان داوە سەرجەم چالاییە فەرهەنگی و هونەرییەکان و هاوکات سەرجەم یاری و پێشبڕکێیە وەزرشییەکان ڕاگیراون و هەڵوەشاونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کردووە کە بەخۆڕایی دەمامکی پێشگیری بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکات، ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە لە زۆربەی شارەکانی ئێران کەمیی دەمامک و گرانیی ئەو کەرەستە پزیشکییە بووەتە گرفتیکی هاووڵاتیانی ئێرانی.

پاش بڵاوبونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەموو گەشتە زەوینی و ئاسمانییەکانیان بۆ ئێران ڕاگرتووە و ڕێوشوێنی توندوتۆڵیان بۆ پێشگیری لە گواستنەوەی ئەو ڤایرۆە گرتووەتە بەر.

هاوکات وڵاتەکانی ئەفغانستان، کوێت و قەتەر سنوورەکانی خۆیان بەڕووی ئێراندا داخستووە.



باسنیوز
Top