کۆمپانیایەکی ئەمریکی: پێکوتەمان بۆ کۆرۆنا دۆزیوەتەوە

کۆمپانیایەکی ئەمریکی: پێکوتەمان بۆ کۆرۆنا دۆزیوەتەوە
کۆمپانیایەکی ئەندازیاریی جینەکان دەڵێت، دەرمانی پێکوتەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزیوەتەوە و پێکوتەکە ئێستا بە چاودێریی حکومەتی ئەمریکا لەسەر ئاژەڵان تاقیدەکرێتەوە.

بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیای "Greffex" کە بنکەکەی لە تەکساسە، بە گۆڤاری "هیوستن بزنسی" راگەیاند، پرۆسەی ئامادەکردنی پێکوتەکەیان تەواوکردووە و دەستیان بە تاقیکردنەوەکەی کردووە.

پرایس، بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیاکەیە و دەڵێت، "هەر کە پێکوتەکە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە پەسندکرا، گرێفیکس بەخۆڕایی دەیداتە وڵاتانی دیکە".

کۆمپانیاکە ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەوان ڤایرۆسێکی زیندوو یاخود مردووی لەو جۆرە بەکارناهێنن کە لە شاری ووهانی چین سەریهەڵداوە، بەڵکو پێکوتە بۆ ڤایرۆسێک بەکاردەهێنێت کە پێی دەڵێن "adenovirus"، ئەم گرووپی ڤایرۆسە لەڕێگەی چاو، لووت، دەم، ریخۆڵە و رێڕەوی میزەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، دەبێتە مایەی تا، کۆکە، سووربوونەوەی گەروو و سکچوون.

کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەڵێت 18 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەیمانگەی تەندرووستیی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان خەرجکردووە.
Top