پۆمپیۆ: پێویستە ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی مامەڵەبکات
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "ئەگەر ئێران بیەوێت لەڕوی دیپلۆماسییەوە زیاتر دورەپەرێزنەکرێت، دەبێت وەک وڵاتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات".
لەپاش ئەوەی رێکخراوی ئەرکی ئابوری(FATF)، ئێرانی خستە لیستی رەشەوە، هەمو ئەو سزایانەی بەسەردا سەپاندەوە کە لەسەری هەڵگیرابون
ئاماژەی بەوەشکرد، لەپاش ئەوەی رێکخراوی ئەرکی ئابوری (FATF)، ئێرانی خستە لیستی رەشەوە، هەمو ئەو سزایانەی بەسەردا سەپاندەوە کە لەسەری هەڵگیرابون، پێویستە حکومەتی ئێران وازبهێنێت لە هەڵسوکەوتە "نابەرپرسیارێتیەکانی" لە ناوچەکەدا بە دەستوەردان لەکاروباری ناوچەکە و پابەندنەبونی بە بەها باڵا نێودەوڵەتییەکانەوە.
دوێنێ هەینی رێکخراوی ئەرکی ئابوری(FATF)، کە رێکخراوێکی فڕەنسیە و چاودێری سپیکردنەوەی پارە دەکات لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بەهۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی رێکخراوەکە، ئێرانی خستوەتە لیستی رەشەوە.
رێکخراوەکە داوای لە ئێران کردبو چوار پڕۆژەیاسای پەیوەندیدار بە کەیسی قەدەغەکردنی سپی کردنەوەی پارە و یارمەتی دارایی بە گروپە تیرۆرستیەکان لە پەرلەمانەوە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە
پێشتر ئەو رێکخراوە تا مانگی شوباتی ئەمساڵ مۆڵەتی بە دەسەڵاتدارانی ئێران بەخشیبو، داوای لێکردبون چوار پڕۆژەیاسای پەیوەندیدار بە کەیسی قەدەغەکردنی سپی کردنەوەی پارە و یارمەتی دارایی بە گروپە تیرۆرستیەکان لە پەرلەمانەوە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەرچەندە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو، دو پڕۆژە یاسا لەوبارەیەوە لە ناو پەرلەمانی ئێراندا دوای دەنگدان پەسەندکران، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی هەنگاوی کرداری، رێکخراوەکە بڕیاریدا بەوەی ئێران بخرێتە لیستی رەشەوە.
خەندان-
