وێنەی هێرشکارەکەی ئەڵمانیا بڵاودەبێتەوە

وێنەی هێرشکارەکەی ئەڵمانیا بڵاودەبێتەوە
پیاوێکی ئەڵمانی تەمەن 43 ساڵان بە ناوی تۆبیاس هیز هێرشیکردە سەر چەند شوێنێکی شارۆچکەی هاناوی سەر بە شاری فرانکفۆرت و نۆ کەسی کوشت کە چوار کەسیان خەڵکی باکووری کوردستان بوون.

یەکەمجار چەکدارەکە هێرشیکردە سەر قاوەخانەیەکی ناوەڕاستی شارۆچکەکە و چەند کەسێکی کوشت، دواتریش لەوێ دوورکەوتەوە و تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک و یانەیەیەکی وەرزشی کرد و ژمارەیەکی دیکە خەڵکی کوشت.

قادر کۆسە، شایەتحاڵی رووداوەکەیە و دەڵێت، "گوێم لە دەنگی تەقە بوو، دواتر رامکردە دەرەوە و سەیری لای کافتریاکەم کرد. هیچیم نەبینی، تەنیا ئەوە نەبێت دەرگەکانی کراوەبوون. خەڵکی لە رێستۆرانتەکانی دیکە رایاندەکردە دەرەوە. گوێم لە دراوسێکەم بوو دەیگوت خەڵکێک تەقە لە رێستۆرانتەکان دەکەن. منیش گەڕامەوە نێو رێستۆرانتەکەی خۆم و بە کڕیارەکانم گوت خۆیان لە پەنجەرەکان دووربخەنەوە".

چەکدارەکە بەوەوە نەوەستا، بەڵکو گەڕایەوە ماڵەوە و دایکی خۆی کوشت و دواتر خۆیشی کوشت.

هێرشکارەکە لەدوای خۆی ڤیدیۆیەک و مانیفێستۆیەکی 24 پەڕەیی بەجێهێشتووە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکانێکی دیاریکراو "دەبێت بەتەواوی لەنێو ببرێن".

هەرچەندە گوتەبێژێکی داواکاری گشتیی بە ئاژانسی تەلەگرافی جووەکانی راگەیاندووە، ناتوانن پشتڕاستی بکەنەوە کە هیچ مانیفێستۆیەک یان ڤیدیۆیەک هەبێت، بەڵام میدیاکانی ئەڵمانیا لەبارەی نێوەڕۆکی مانیفێستۆکەوە دەڵێن، داوای کۆتاییهێنان بە تەواوی چەند وڵاتێک لەنێوانیان، ئیسرائیل، میسر، تورکیا، ئێران، مەغریب هیندیستان، پاکستان، ڤێتنام و فلیپین دەکات.

بەپێی راپۆرتێکی فاینانشەڵ تایمز، هێرشکارەکە لە مانیفێستۆکەیدا دەڵێت "کۆتایی بە هەموو ئەو خەڵکانە دەهێنم هەتا ئەگەر ملیاران کەسیش بن".

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، هێرشەکە پاڵنەری رەگەزپەرستی و راستڕەویی پەڕگیریی لە پشتەوە بووە و بە کارەسات ناوی دەبەن.

ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەموو کارێک دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەم تاوانە قێزەونانە، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا روونە ئەوە دەردەخات کە هێرشکارەکە لەسەر بنچینەی پاڵنەری راستڕەوی و رەگەزپەرستی و رق لە خەڵکی خاوەن باکگراوەند و ئایین و رووخساری جیاواز هێرشەکەی ئەنجامداوە. رەگەزپەرستی ژەهرە. رقلێبوونەوە ژەهرە و ئەم ژەهرەش لە کۆمەڵگەکەی ئێمەدا هەیە و هۆکاری چەندین تاوانیشە".

هێرشی راستڕەوەکان لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا لە ئەڵمانیا زیادیکردووە، چەند رۆژێک پێش ئێستاش 12 کەس دەستگیرکران کە پلانیان دارشتبوو هێرشبکەنە مزگەوتەکان لە چەند شوێنێکی جیاوازی وڵات.

لە میانەی گوتارێکیدا لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزانی قوربانییانی رووداوی تەقەکردنەکە کرد کە پێنج کەسیان خەڵکی تورکیا بوون لەوانە چواریان لە باکووری کوردستان بوون.

ئەو چوار کوردەی کە لە دوو هێرشەکەدا کوژراون خەڵکی باکووری کوردستانن و یەکێکیان خاوەنی کافێیەک بووە و خەڵکی مێردینی باکووری کوردستانە. بەپێی زانیارییەکان سێ هاونیشتمانییەکەی باکووری کوردستان لە هەریەکە لە گۆكھان گولتەكین، فەرھاد ئونڤار و بیلال گۆكچە پێکدێن و ناوی هاونیشتمانییەکەی دیکە تاوەکو ئێستا نازانرێت.

شاری هاناو دەکەوێتە باشووری ئەڵمانیا و 20 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی فرانکفۆرت دوورە و زیاتر لە 96 هەزار کەس لێی دەژین.
Top