تورکیا داوای مووشەکی پاتریۆت لە ئەمریکا دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا لە ئیدلب
لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، ژمارەیەک سەربازی تورکیا لە خاڵەکانی چاودێری ناوچەکانی سەر بە پارێزگای ئیدلب کوژراون، ئەو بەرپرسەی تورکیاش رایگەیاندووە، سوپای تورکیا دەتوانێت فڕۆکەی ئێف 16 بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی سوپای سووریا لە ئیدلب بەکاربهێنێت ئەگەر پاتریۆتەکان لە هاتای لەسەر سنووری تورکیا جێگیربکرێن بۆ مەبەستی خۆپاراستن.
بەرپرسە باڵاکەی تورکیا کە بەهۆی هەستیاریی زانیارییەکانەوە ئامادە نەبووە ناوی خۆی ئاشکرابکات، باسی لەوەش کردووە کە تورکیا چاوەڕێیە ئەمریکا وەڵامی بداتەوە؛ باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە تورکیا رەتیکردووەتەوە لێدوان لەوبارەیەوە بدات.
پێشتریش، تورکیا دەستپێشخەرییەکی رووسیای لەبارەی سووریا رەتکردەوە، سەرۆکی ئەمریکاش پاڵپشتی خۆی بۆ تورکیا راگەیاند.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندووە، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە سووریا، سوپای وڵاتەکەی ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشێک تەواوکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەگەری کۆبوونەوەی لووتکەی سێقۆڵیی رووسیا، ئێران و تورکیای لەسەر پرسی سووریا لە سەرەتای مانگی داهاتوودا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی رانەگەیێندراوە و کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە.
بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی، لە ماوەی رابردوودا تورکیا لە کڕینی سیستەمی بەرگریی پەتریۆتی ئەمریکی کێشەی بۆ دروستبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ئیدارەی ئۆبامای تۆمەتبارکرد بەوەی کە سیستەمەکەی بە تورکیا نەفرۆشتووە.
