ئێران دادگایەک بۆ دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ پێک دەهێنێت

ئێران دادگایەک بۆ دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ پێک دەهێنێت
بەرپرسێکی باڵای ئێران باس لە دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بە دادگاییکردنی سەرۆکی ئەمریکا، دەکات.

حوسێن ئەمیر عەبدوللەهیان، یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆڕبەندێکی تایبەت بە یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی، رایگەیاندووە، سولەیمانی گرنگترین رێکارە پێویستییەکانی لە ناوچەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئێران، رێک خستبوو.

حوسێن ئەمیر عەبدوللەهیان هەروەها رایگەیاند، بڕیارە دادگایەکی تایبەت بە دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پێک دەهێنن، چونکە ترەمپ بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی داوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دادوەری لێکۆڵینەوەی ئێرانی سەردانی بەغدا دەکات، چونکە پێویستە سەرەتا لێکۆڵینەوە لە شوێنی کوژرانی سولەیمانی بکات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.












باسنيوز


Top