ئێران.. بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە قوتابخانە و خوێندنگەکانی پارێزگایەک داخران
ماڵپەڕی (ئیرنا) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، بەو هۆیەوە سەرجەم قوتابخانە، کۆلیژ و زانکۆکانی پاریزگای قوم، بە مەبەستی پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و تاوتوێی زیاتری ئەو بابەتە، کراونەتە پشوو.
هەر لەم پەیوەندییەدا و پاش گیانلەدەستدانی دوو کەس بەهۆی ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و درێژەدان بە پشکنینەکان بۆ یەکلاکردنەوەی، محەمەدڕەزا قەدیر سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی قوم بە (ئیرنا)ی ڕاگەیاندووە کە تەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە لە قوم کۆنترۆڵ کراوە و داوا لە خەڵک دەکەین، هاوکات لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ڕێنوێنییە تەندروستیەکان، نیگەرانی تەشەنەکردنی نەبن.
هاوکات بە بڕیارێک دوو نەخۆشخانەی "کامکار و فەرقانی" بۆ کەرەنتینە و ئەگەری تووشبوونی خەڵک تەرخان کراون و ئەو کەسانەی جێگەی گومان بن، ڕەوانەی ئەو نەخۆشخانە دەکرێن.
هاوکات دەمامکی پێویست بۆ پاریزگای قوم ڕەوانە کراوە و ڕێنامیی پێویست بە هاووڵاتیان دراوە.
باسنيوز
