لە شاری قوومی ئێران دوو کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا

لە شاری قوومی ئێران دوو کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا
سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی قووم دەڵێت دوو کەس بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا.

محەممەد رەزا قەدیر، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی قووم رایگەیاند: "ئێمە لە چوار رۆژی رابردوو بەرەوڕووی شەپۆلێکی نەخۆشی کۆئەندامی هەناسە بووینەوە کە لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان بۆ دوو کەس کە گیانیان لەدەستداوە دەرکەوت کۆرۆنایان هەبووە، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا ئەنجامی تاقیکردنەوەی جێنێتیکیان رانەگەیێندراوە".

سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی قووم بە ئاماژەدان بەوەی بڕیاربووە لەگەڵ خەڵکی خۆمان راستگۆبین گوتی: "دوای ئەوەی ئانجامی تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان بۆ خۆمان روون بووەوە، بە خەڵکمان راگەیاند و نەخۆشخانەی کامکارمان تایبەت بە توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکردووە و بڕیارە نەخۆشخانەیەکی دیکەش وەک پشتیوان دابنرێت".

بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 75 هەزار و 280 کەس تووشی کۆرۆنا بوونە کە بە کۆڤید - 19 دەناسرێتەوە، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 هەزار و 30 کەسی دیکە چاکبوونەتەوە.
Top