نووسەرێكی دیاری توركیا: ئەمریكا بە یەپەگەی گوتووە لەگەڵ توركیا شەڕ بكەن ناتانپارێزین

نووسەرێكی دیاری توركیا: ئەمریكا بە یەپەگەی گوتووە لەگەڵ توركیا شەڕ بكەن ناتانپارێزین
نووسەرێكی دیاری توركیا، قسەی لەگەڵ بەرپەرسێكی ئەمریكی كردووە و ئاشكرای دەكات كە ئەمریكا ئێستاش یەپەگەی پێ هاوپەیمانی خۆیەتی، بەڵام ئاگاداری كردوونەتەوە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ توركیا نەكەونە شەڕەوە، چونكە نایانپارێزن.

موراد یەتكین، نووسەری دیاری رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی، لە وتارێكدا ئاشكرای دەكات كە قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی ئەمریكی كردووە و ئەو بەرپرسە حەزی نەكردووە ناوی بهێنرێت و گوتوویەتی كە ناكۆكیی نێوان رووسیا و توركیا لەبارەی ئیدلیبەوە، نابێتە هۆكاری ئەوەی یەپەگە هێرش بكاتە سەر توركیا.

ئەو بەرپرسەی ئەمریكا گوتوویەتی، یەپەگەمان ئاگادار كردووتەوە كە ئەگەر ئێستا هێرش بكەنە سەر توركیا ناتانپارێزین.

یەتكین ئاماژە دەدات، كە ئەمریكا لە ٢٠١٤ یەپەگەی وەكوو هاوپەیمان سەیر كردووە، بەڵام كاتێك لە چەند راپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكا دەركەوت، یەپەگە سەر بە پەكەكەیە و فەرمان لەوان وەردەگرن، بۆیە ئەمریكا ناوەكەی بۆ سوپای سووریای دیموكرات گۆڕی و چەند عەرەبێكی خستە ناو ئەو سوپایەوە، بۆیە ئیدی ناوی سوپای سووریای دیموكرات ناگۆڕێت و لە لای ئەمریكا وەك خۆی دەمێنێتەوە.

یەتكین لە بەشێكی تری نووسینەكەیدا، لەسەر زاری ئەو بەرپرسە ئەمریكییە ئاشكرای دەكات، ئەمریكا بە توركیای گوتووە، كە سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی لە شاری هەتای بۆ دادەنێت، بەو مەرجەی توركیا دەستبەرداری مووشەكی بەرگریی S400 بێت كە لە رووسیای كڕیوە.










باسنيوز

Top