ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆناوە گەیشتە دوو هەزار و 12 کەس
ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گەیشتە دوو هەزار و 12 کەس، کە یەکێکیان لە ئەورووپا بووە و ئەوانی دیکەش لە کیشوەری ئاسیا بوون.
بەپێی خشتەی ئەمڕۆ چوارشەممە 19-2-2020ـی چاودێریکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەی تووشبووان بەو ڤایرۆسە لە چین بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 75 هەزار و 220 .
هەروەک لە خشتەکەدا دەردەکەوێ، 897 کەسی دیکە لە وڵاتانی سەنگافورە، هۆنگ کۆنگ، یابان، تایلەند، کۆریای باشوور، مالیزیا، تایوان، ئەڵمانیا، ڤێتنام، ئوسترالیا، ئەمریکا، فەرەنسا، مەکاو، بەریتانیا، کەنەدا، ئیمارات، هیندستان، ئیتاڵیا، فلیپین، رووسیا، ئیسپانیا، بەلجیکا، کەمبۆدیا، میسر، فینلاند، نیپاڵ، سریلانکا و سوید، تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.
بەپێی خشتەی ئەمڕۆ، ژمارەی مردووان بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و 12 کەس، کە شەش کەسیان لە فلیپین، یابان، هۆنگ کۆنگ و فەرەنسا بوون و ئەوانی دیکە لە چین تۆمار کراون.
لە کۆی هەموو حاڵەتەکانی تووشبوو 74هەزار و 176 کەس لە چین بوون و ئەوی دیکەشی لە وڵاتانی دیکەیە.
هەر بەپێی خشتەکە، لە چین 14 هەزار و 534 حاڵەتی تووشبووی ڤایرۆسەکە، چاک بوونەتەوە و لە کۆی وڵاتان و بەگشتی 14 هەزار و 710 کەس کە تووشی ڤایرۆسکە بوون، چاک بوونەتەوە.
لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و تا ئێستا لە چەند وڵاتێک دۆزراوەتەوە، لە شاری ووهانی چین سەری هەڵدا و ئێستا بووەتە یەکێک لە مەترسییە پڕ لە هەڕەشەکانی بواری تەندروستی لە جیهان.
باسنيوز
