لە توركیا 157 فەرمانبەری دەزگا سەربازیەکان دەستگیر كران
ئاسایشی شاری ئیزمیر، لەسەر داوای داواكاری گشتی ئۆپەراسیۆنێكی لە ٤٣ ناوچەی شارەكە بەڕێوە بردووە بۆ دەستگیركردنی ١٥٧ فەرمانبەری سەر بە دەزگای سەربازیی توركیا و هۆكارەكەشی تۆمەتباركردنیانە بەوەی بە نهێنی كار بۆ فەتحوڵا گولەن دەكەن.
دوێنێ سێشەممە لە ٤٣ ناوچەی ئیزمیر، ئاسایشی ئەو شارە ئۆپەراسیۆنێكی بۆ دەستگیركردنی دەیان فەرمانبەری دەزگای سەربازی بەڕێوە بردووە و توانیویانە ١٥٧ فەرمانبەر دەستگیر بكەن.
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، داواكاری گشتیی ئیزمیر داوای كردبوو ئەو كەسانە دەستگیر بكرێن، چونكە تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ كە سەر بە فەتحوڵا گولەنن و نهێنی دەوڵەت دەبەنە دەرەوە.
لەناو ئەو ژمارە دەستگیركراوانەدا جگە لە فەرمانبەر، سەرباز و ئەفسەریشی تێدایە و زۆربەشیان تا ئەوكاتەی دەستگیر كراون، لەسەر كاری خۆیان بەردەوام بوون.
باسنيوز
