فەرماندەی سوپای پاسداران: پێویستە ئیسرائیل پشت بە ئەمریکا نەبەستێت

 فەرماندەی سوپای پاسداران: پێویستە ئیسرائیل پشت بە ئەمریکا نەبەستێت
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئامانجی وڵاتەکەی لە دەوری شکستپێهێنانی دەسەڵاتی ئیسرائیل و لەناوبردنی پێگەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا دەسوڕێتەوە، دەشڵێت، پێویستە ئیسرائیل پشت بە ئەمریکا نەبەستێت، پێشتر کەسانی دیکە ئەو کارەیانکردوە و "شکستیانهێناوە".

حزبوڵای لوبنانی لەئێستادا بە دەیانجار بەهێزترە بە بەراورد بەساڵی 2006


حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلمیادین"ی لوبنانی رایگەیاند، "حزبوڵای لوبنانی لەئێستادا بە دەیانجار بەهێزترە بە بەراورد بەساڵی 2006، ئیسرائیل لەئێستادا بەرامبەر حیزبوڵایەکی پڕچەک و خاوەن ئەزمون و بەرگری وەستاوەتەوە".

ئێوە زۆر بچوکتر و بێتواناترن لە ئەمریکییەکان، هەمو ئەو پێگانەی کە داگیرتانکردون، لەژێر هێرشی ئێراندا دەبێت


هاوکات هۆشداری دایە ئیسرائیل و وتی، "ئێوە زۆر بچوکتر و بێتواناترن لە ئەمریکییەکان، هەمو ئەو پێگانەی کە داگیرتانکردون، لەژێر هێرشی ئێراندا دەبێت".

چاوپێکەوتنەکەی حسێن سەلامی هاوکات بو لەگەڵ تێپەڕبونی 40 رۆژ بەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەخت.

لەئێستادا ئێران بەهێزێکی زۆرەوە توانای لەناوبردنی ئیسرائیلی هەیە، بەڵام ئێستا رەوشێکی گونجاونییە بۆ ئەو کارە


فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران باسی لەوەشکرد، "لەئێستادا ئێران بەهێزێکی زۆرەوە توانای لەناوبردنی ئیسرائیلی هەیە، بەڵام ئێستا رەوشێکی گونجاونییە بۆ ئەو کارە".

رونیشیکردەوە، "پێویستە ئیسرائیلییەکان پشت بە ئەمریکییەکان نەبەستن، پێشتر کەسانی دیکە ئەو کارەیانکردوە و شکستیانهێناوە، ئێران لە ئێستادا خاوەن هێزێکی جیهانییە، هەوڵیشدەدات ببێت بە بەهێزترین وڵات لەروی سەربازییەوە".

لەهێرشەکەمان بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد تەنها بەشێکی بچوکی توانا سەربازییەکانمان بەکارهێناوە


لەبارەی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، سەڵامی وتی، لەهێرشەکەیان بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد تەنها بەشێکی بچوکی توانا سەربازییەکانیان بەکارهێناوە، "دوژمن بەچاوی خۆی هێزە موشەکەکانی ئێرانی بینی کە چۆن توانای بڕینی سیستەمی دژە موشەکییان هەیە".

سێی مانگی رابردو بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبۆردومانێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە بەغدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکەش کوژران.

هەشتی مانگی رابردو لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، ئێران ژمارەیەک موشەکی ئاڕاستەی هەریەک لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و هەریری نزیک پارێزگای هەولێر کرد، کە هێزەکانی ئەمریکای تیادایە، بەهۆیەوە زیاتر لە 104 سەربازی ئەمریکی توشی لەرینەوە مێشک بون.




خەندان-
Top