دانیمارک سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانی دەگەڕێنێتەوە عەین ئەسەد

دانیمارک سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانی دەگەڕێنێتەوە عەین ئەسەد
دانیمارک بڕیاریداوە سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانی بگەڕێنێتەوە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری عێراق.

ترین برامسن، وەزیری بەرگریی دانیمارک رایگەیاند، "رۆژی یەکی مانگی ئاداری ئەمساڵ سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانمان دەگەڕێنینەوە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار".

برامسن ئاماژەی بەوە کرد، "گەڕاندنەوەی سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانمان دوای مانگێک دێت لە وەستاندنی ئەرک و چالاکییەکانیان لە عێراق و گواستنەوەیان بۆ کوەیت".

ئەوەش دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و دروستبوونی نیگەرانیی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە زیادبوونی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران.

دانیمارک بە 130 سەرباز و راوێژکاری سەربازی بەشداریی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکات کە زیاتر لە 80 وڵاتی هاوپەیمانی ئەمریکای لەخۆگرتووە.
Top