بانکی نێودەوڵەتی: مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە مەترسیدایە

بانکی نێودەوڵەتی: مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە مەترسیدایە
بانکی نێودەوڵەتی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە دۆخی دارایی وڵات لە مەترسیدایە، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، هۆشدارییەکەی بانکی نێودەوڵەتی لەجێگەی خۆیدایە.

بانکی نێودەوڵەتی لە دوایین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوەکردووە، چاکسازیی روون و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، فرەچەشنی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار لە عێراق نییە و ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر گەشەی ئابووریی وڵات.

هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا پاشەکشەبکات، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت و گومانیش هەیە لە نوێکردنەوەی رێککەوتنەکەی ئۆپێک.

راپۆرتەکە باس لەوەدەکات، ئابووریی عێراق رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، بۆیە مەترسی خۆی لەسەر دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەربڕیووە.

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، هۆشدارییەکەی بانکی نێودەوڵەتی راستە و لە جێگەی خۆیەتی و لەسەر دوو بنەما بانکی نێودەوڵەتی ئاگاداری عێراقی کردووەتەوە کە ئەمانەن:

یەکەم: لەماوەی 2019-2020 نزیکەی 10 تریلیۆن دیناری دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەران زیادیکردووە، ئەوەش لە رێگەی دامەزراندنی هەڕەمەکی و بێپلان.

دووەم: بەشی زۆری بودجەی عێراق پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، بۆیە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت هەیە، ئەمەش داهاتی عێراق کەمدەکاتەوە و کاریگەری خۆی دەبێت.
Top