ئیسرائیل باس لە شەڕی سێیەم لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی دەکات

ئیسرائیل باس لە شەڕی سێیەم لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی دەکات
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باس لە شەڕی سێیەمی وڵاتەکەی لەگەڵ میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی دەکات.

ئەمڕۆ نەفتالی بینت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە رادیۆی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئیسرائیل نایەوێ شەڕێکی دیکە لەگەڵ حزبوڵڵا بەرپا بکات.

هاوکات نەفتانی بینت هۆشداریی داوەتە حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا و رایگەیاندووە، با دڵی بەوە خۆش نەبێ، کە ئەگەر بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری شەڕی دژی حزبوڵڵا دا ”ئەوا من دژی بڕیارەکەی نەتانیاهۆ دەبم، منیش لەگەڵ نەتانیاهۆ بڕیاری شەڕ دەدەم“.

تا ئێستا دوو شەڕی سەخت لەنێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل رووی داوە.

- شەڕی یەکەم

لە ساڵی 1982 دەستی پێکرد و تا 1985 بەردەوام بوو. بەهۆی ئەو شەڕەوە، هەزار و 216 سەرباز و هاووڵاتیی ئیسرائیل کوژران. هەروەها نۆ هەزار و 800 چەکداری حزبوڵڵا، فەلەستینی و سووری کوژران.

- شەڕی دووەم

لە مانگی 7ـی 2006 رووی دا و 35 رۆژ بەردەوام بوو. لە ناوچەکانی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل دروست بوو، لە ئەنجامدا نزیکەی هەزار و 200 هاووڵاتیی لوبنان و چەکداری حزبوڵڵا کوژران، جگە لە برینداربوونی زیاتر لە چوار هەزار کەسی دیکە.

زیانەکانی ئیسرائیل لەو شەڕە بریتی بوو لە کوژرانی 119 و 44 هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 400 کەسی دیکە.

حزبوڵڵای لوبنانی، کە خاوەن میلیشیایەکی چەکدارییە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعەمەزهەبی لوبنان دەکات و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حزبەش بەردەوام رایدەگەیەنێت، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.











باسنيوز


Top