ئەردۆغان زاواكەی لە شوێنی خۆی دادەنێت
زۆرێك لە سەركردەكانی ئاكەپە، رەخنەی ئەوەیان گرتبوو، كە نابێت ئەردۆغان لە یەك كاتدا سەرۆكی وڵات و سەرۆكی ئاكەپەش بێت، بەڵكوو پێویست دەكات سەرۆكی ئاكەپە بۆ كەسێكیتر بەجێ بهێڵێت.
رۆژنامەی (دیوار)ی توركی لەمبارەوە ئاشكرای دەكات، ئەردۆغان دەیەوێت بەرلە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، دەستبەرداری سەرۆكی ئاكەپە ببێت، بەڵام نزیكترین كەسی خۆی دەكاتە سەرۆكی ئاكەپە، ئەویش بەرات ئالبەیراك، وەزیری دارایی ئێستای توركیایە کە زاوای خۆیەتی.
ئالبەیراك ماوەیەكە دەچێتە شارەكانی توركیا و لەگەڵ ئەندامانی ئاكەپە كۆ دەبێتەوە و وتاریان پێشكەش دەكات، بۆیە رۆژنامەی ناوبراو ئاماژەی داوە، كە ئەم وتار و سەردانیكردنانە وەكوو تێستێك وایە بۆ ئالبەیراك، تا ئەردۆغان بزانێت ئاكەپەییەكان ئەویان وەكوو سەرۆكی ئاكەپە دەوێت، یان نا؟
باس لەوەش كراوە ئێستا ئەردۆغان لە زاواكەی زیاتر بڕوای بە هیچ كەسێك نییە بیكاتە سەرۆكی ئاكەپە، بۆیە شانسی ئالبەیراك بۆ سەرۆكی ئاكەپە بەهێزە.
باسنيوز
