ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەسەڵاتی ترەمپی بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران سنووردارکرد

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەسەڵاتی ترەمپی بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران سنووردارکرد
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی بەو پڕۆژەیە دا کە رۆژی 9ی مانگی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی دەنگی پێدابوو و ئامانج لێی سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆکی وڵاتە لە هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران.

لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پیراندا 55 کەس دەنگیان بە پرۆژەکە دا و 45 کەسی دیکەش دژیان دەنگیاندا. 8 کۆماری پاڵپشتیان لە پرۆژەکە کرد.

دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی پیران دوای ئەوە هات، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئەندامانی پارتی کۆماری کرد دەنگی پێنەدەن و گوتی، "بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان زۆر گرنگە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ بە بڕیاری "دەسەڵاتی جەنگی ئێران" نەدات".

سەرۆکی ئەمریکا گوتی، پێگەی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران زۆر بەهێزە و رایگەیاند، "کاتی ئەوە نییە لاوازی پیشانبدەین. زۆربەی ئەمریکییەکان پاڵپشتییان لە هێرشەکەمان بۆ سەر سولەیمانیی تیرۆریست کرد. ئەگەر دەستم ببەسترێت، ئەوا ئێران دەرفەتی هەنگاونان و سەرکەوتنی هەیە".

بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران، سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت بێ رەزامەندی کۆنگرێس جەنگ دژی ئێران هەڵگیرسێنێت.

بەڵام دەکرێت ئەم بڕیارە لەلایەن کۆشکی سپییەوە ڤیتۆ بکرێت و پێشتریش کۆشکی سپی هەڕەشەی ڤیتۆکردنی بڕیارەکەی کردبوو، ئەگەر لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە دەنگی پێبدرێت.
Top