یەکەم هاووڵاتیی ژاپۆنی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا

یەکەم هاووڵاتیی ژاپۆنی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا
وەزیری تەندروستیی ژاپۆن گیانلەدەستدانی یەکەم هاووڵاتیی وڵاتەکەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

کاتسونۆبو کاتۆ، وەزیری تەندروستیی ژاپۆن رۆژی پێنجشەممە 13-2-2020 رایگەیاند، هاووڵاتییەکە ژنێکی سەروو هەشتا ساڵ بووە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی نزیک تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن خرابووە ژێر چاودێریی تەندروستییەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ نیشانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەرکەوتبوو.

ئەمە یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە ژاپۆن و دەبێتە سێیەم حاڵەتیش تاوەکو ئێستا لە دەرەوەی چین تۆمارکرابێت.

لە سەرانسەری جیهان، تاوەکو ئێستا 60 هەزار و 326 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و هەزار و 367 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی توشبووانیش لە ژاپۆن زیاتر لە 250 کەسە.
Top