ئەردۆغان لە پلانیدایە مووشەکی S400 رەوانەی ڕووسیا بكاتەوە

ئەردۆغان لە پلانیدایە مووشەکی S400 رەوانەی ڕووسیا بكاتەوە
خراپبوونی پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و توركیا لەبارەی ئیدلیبەوە، كاریگەریی لەسەر پەیوەندیی ئەو دوو وڵاتە لەڕووی سەربازییەوە هەبووە، بەتایبەت ئەو گرێبەستە گەورانەی ئەو دوو وڵاتە ئەنجامیان داوە و دیارترینیان كڕینی مووشەكی بەرگریی S400ی ڕووسیایە لەلایەن توركیاوە.

كەمال ئۆكویان سكرتێری گشتیی پارتی كۆمۆنیستی توركیا پێی وایە، هیچ دوور نییە رەجەب تەییب ئەردۆغان بڕیار بدات كە S400یان ناوێت و گرێبەستەكە لەگەڵ رووسیا هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەو لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (خەڵك)ی توركی، ئاماژەی بەوە داوە كە خراپیی پەیوەندیی نێوان توركیا و رووسیا هەموو شتێكی لێ چاوەڕوان دەكرێت، هەنگاوی یەكەمیش هەڵوەشانەوەی كڕینی مووشەکی S400ە لەلایەن توركیاوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەبێت، چونكە هەر لە سەرەتاوە دژی كڕینی ئەو مووشەكە بوون کە تورکیا لە ڕووسیای کڕیوە.

ئەگەرچی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی داوە كە بیر لەوە ناكەنەوە S400 رەوانەی رووسیا بكەنەوە و رێككەوتنەكە وەک خۆی جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ئۆكویان پێی وایە ئەردۆغان تاكە كارت بەكاری بهێنێت بۆ ئەوەی ناتۆش لە ئیدلیب پشتگیری لێ بكات، هەڵوەشاندنەوەی S400ە لەگەڵ رووسیایە.

توركیا داوای لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ كردووە، كە لە ئیدلیب پشتگیریی توركیا بكەن، چونكە هێزەكانی ئەسەد هاووڵاتیی سڤیل دەكەنە قوربانی، بەڵام تاكوو ئێستا هیچ وڵاتێكی ئەندام لە ناتۆ پشتگیریی سەربازییان لە توركیا نەكردووە، بۆیە بە گوتەی زۆرێك لە شڕۆڤەكاران، ئەگەر توركیا بڕیار بدات گرێبەستی كڕینی مووشەكی بەرگریی S400 لەگەڵ رووسیا هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوكات ناتۆش لە سووریا لەدژی روسیا و ئەسەد، پشتی توركیا دەگرێت.










باسنيوز

Top