فەیسبووک دەیان هەژماری نزیک لە هەواڵگریی رووسیای داخست
ناتانیێل گلێیچەر، سەرۆکی سیاسەتی ئاسایشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە دەڵێت، جگە لەو هەژمارانە، چەند هەژمارێکی دیکە کە لە ئێران، ڤێتنام و میانمار بەڕێوەدەبران لە فەیسبووک و ئینستاگرام لابراون، ئەوەش بەهۆی "دەستوەردانیان لە کاروباری حکومەتە بیانییەکان".
ئەم هەنگاوەی فەیسبووک هاوکاتە لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بەشێکی زۆری لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەوە دەکرێت.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رووسیا تۆمەتبارکرابوو بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ لەڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک هەژماری فەیسبووک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست، بۆیە لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەکانەوە، کۆمپانیای فەیسبووک رێکاری تووندی گرتووەتەبەر بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری لە سەرچاوە نافەرمی و باوەڕپێنەکراوەکانەوە.
