دادگای دەستووری توركیا دژی ئۆپۆزسیۆن بڕیاری دا

دادگای دەستووری توركیا دژی ئۆپۆزسیۆن بڕیاری دا
ئەمڕۆ ١٢ی ٢ی ٢٠٢٠ دادگای دەستووری توركیا، داوای پارتی گەلی كۆماری جەهەپەی رەت كردەوە، كە داوایان كردبوو رێگە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) بگیرێت، چونكە ئەو پڕۆژەیە ئیستانبۆڵ لەناو دەبات.

دوای ئەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، بڕیاری دا پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) جێبەجێ بکرێت، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئۆپۆزسیۆنی توركیا، كە هەر یەك لە جەهەپە و هەدەپە و پارتی باشن، دژی ئەو بڕیارەی ئەردۆغان وەستانەوە و داوایان كرد رێگە نەدرێت پڕۆژەكە بچێتە واری جێبەجێ كردنەوە.

جەهەپە بە ئیمزای ١٣٩ ئەندام پەرلەمان، داوای بۆ دادگای دەستووری توركیا بەرز كردەوە، داوایان لەو دادگایە كرد، كە رێگە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە بگیرێت، بەڵام دادگای دەستووری توركیا داواكەی جەهەپەیان رەت كردەوە.

جەهەپە و چەند شارەزایەكی بواری جیۆلۆژی، پێیانوایە ئەگەر ئەو پڕۆژەپە جێبەجێ بکرێت، ئیستانبۆڵ دەكەوێتە بەر مەترسی بوومەلەرزە، رەنگە بوومەلەزەیەكی بەهێز نیوەی ئەو شارە لەناو ببات.

بەڵام ئەردۆغان دەڵێت ئێمە پرسمان بە ٥٣ دامەزراوەی تایبەت بە جیۆلۆژی كردووە و هەموویان گوتوویانە كە دروستكردنی (گەرووی ئیستانبۆڵ) هیچ زیانێكی بۆ ئیستانبۆڵ نابێت.

لە لایەكی ترەوە، باس لەوەش دەكرێت، كە جگە لە مەترسیی بوومەلەرزە، لە هەمانكاتدا ئیستانبۆڵ ئاوی پاكی نامێنێت، چونكە ئەو شارە ٦٠٪ی ئاوای پاكی لە شارەكانی تری توركیاوە بۆ دابین دەكرێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، ئاوی ئیستانبۆڵ وشك دەبێت.

ئێستا دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی (گەرووی ئیستانبۆڵ) كراوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن داوا دەكات لە ریفراندۆمێكدا خەڵكی ئیستانبۆڵ ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە.













باسنيوز


Top