سەرۆکی پێشووی سوودان رادەستی دادگای تاوانەکانی جەنگ لە لاهای دەکرێت

سەرۆکی پێشووی سوودان رادەستی دادگای تاوانەکانی جەنگ لە لاهای دەکرێت
حکومەتی سوودان رەزامەندیی دەربڕیوە بە رادەستکردنی عومەر بەشیر، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە بە دادگای تاوانی جەنگ لە لاهای لە هۆڵەندا.

حکومەتی سوودان و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەی دارفۆر رێککەوتوون لەسەر رادەستکردنی ئەو کەسانەی کە دادگای تاوانەکانی جەنگ داوایان دەکات و بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتباریان دەکات، لە سەرووی هەموویانەوە عومەر بەشیر، سەرۆکی لە دەسەڵات دوورخراوەی سوودان.

عومەر بەشیر بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کوشتنی بەکۆمەڵ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ساڵی 2003 تۆمەتبارکراوە.

بەشیر لە ساڵی 1989 لەڕێگەی ئەنجامدانی کودەتای سەربازی دەسەڵاتی وەرگرت، لە مانگی نیسانی ساڵی 2019دا و لەدوای بەرپابوونی خۆپێشاندانەکان، لە دەسەڵات دوورخرایەوە، لەوکاتەوە لە زینداندایە.

لە هەرێمی دارفۆر بەهۆی شەڕی حکومەت و گرووپە چەکدارەکانی ئەو هەرێمە لە ساڵی 2003 زیاتر لە 300 هەزار کەس کوژران و دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون.
Top