پۆمپەیۆ: هاوکاری تورکیاین لە وەڵامدانەوەی ئەسەد
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توویتێکدا رایگەیاندووە "هێرشە بەردەوامەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەد پێویستە رابگیرێن. جەیمس جێفریم ناردووە بۆ ئەنقەرە بۆ هەماهەنگیکردن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی ناسەقامگیرییان دروستکردووە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توویتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێمە لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆمان دەبین".
ئەمڕۆ لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە هێلیکۆپتەرێکی سەر بە سوپای سووریا لە ئیدلب خرایەخوارەوە. هاوکات وێنەی کەسێک لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی قودس بڵاوکراوەتەوە و دەگوترێت کە فڕۆکەوانەکە بووە.
رۆژی دووشەممە 10-2-2020 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سوپای سووریا بەشێوەیەکی چڕ هێرشی ئاسمانیی بۆسەر پێگەیەکی سوپای تورکیا لە فڕۆکەخانەی تەفتەناز لە ئیدلب ئەنجامداوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی هێرشەکەوە پێنج سەربازیان کوژراون و پێنج سەربازی دیکەش برینداربوون.
هەفتەی رابردووش بەهۆی هێرشێکی سوپای سووریاوە لە ئیدلب حەوت سەربازی تورکیا و هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاند، وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و زیاتر لە 50 ئامانجی سوپای سووریایان پێکاوە و 76 سەربازی سووریایان کوشتووە.
