مافی مرۆڤ: نیگەرانین لە هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 11-2-2020، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا داوای لە خۆپیشاندەران کردووە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بکەن.
لە بەیاننامەکەدا، کۆمسیۆن مافەکانی مرۆڤ نیگەرانی و داخباربوونی خۆی بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی وەسبە لە بەغدا بۆ سەر کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان نیشان داوە و رایگەیاندووە، رۆژانی 9 و 10ـی ئەم مانگە، چەند خۆپیشاندەرێک بە بوتڵی سووتێنەر، هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز
