لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە کابوڵ پێنج کەس کوژران و 12ی دیکەش برینداربون

لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە کابوڵ پێنج کەس کوژران و 12ی دیکەش برینداربون
وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە کەسێک لەنزیک پەیمانگایەکی سەربازی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان خۆی تەقاندوەتەوە، بەهۆیەوە پێنج کەس کوژراون.

نەسرەت رەحیمی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە دەروازەی پەیمانگای مارشاڵی سەربازی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان پێنج کەس کوژران، کە دوانیان هاوڵاتی مەدەنیبون، هەروەها 12 کەسی دیکەس برینداربون کە پێنجیان مەدەنین.

لەو پەیمانگایەدا لەلایەن هێزە بیانیەکانەوە مەشق بە سەربازانی ئەفغانستان دەکرا، پێشتریش چەندین هێرشی هاوشێوەی کراوەتەسەر


ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پەیمانگایەدا لەلایەن هێزە بیانیەکانەوە مەشق بە سەربازانی ئەفغانستان دەکرا، پێشتریش چەندین هێرشی هاوشێوەی کراوەتەسەر، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوشدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هێرشی کرابوەسەر.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندوە


بەپێی میدیاکانی ئەفغانستان، تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندوە.

نۆی ئەم مانگە هێرشێکی چەکداری کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بەهۆیەوە دو سەربازی ئەمریکی کوژراون و شەشی دیکەش برینداربون.

دوای راگرتنی دانوستانی ئاشتی لەنێوان تاڵیبان و واشنتن بەشێوەیەکی بەردەوام هێرشی چەکداری بۆ سەر هێزەکانی ئەفغانستان و ئەمریکا دەکرێت لەناو ئەفغانستاندا، کە زۆرینەیان لەلایەن رێکخراوی چەکداری تاڵیبان و گروپە چەکدارییەکانی لایەنگریانەوە ئەنجامدەدرێن.






خەندان-
Top