شاندی تورکیا و روسیا لەبارەی ئیدلب کۆبونەوە

شاندی تورکیا و روسیا لەبارەی ئیدلب کۆبونەوە
شاندی حکومەتی روسیا و تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ئیدلیب و شەڕو پێکدادانەکانی ناوچەکانی پارێزگاکە کۆبونەوە و تورکیا ئیدانەی هێرشەکانی حکومەتی سوریای کرد کە روسیا پشتیوانی دەکات.

بەپێی میدیای فەرمی تورکیا، شاندی تورکیا بەسەرۆکایەتی ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژى سەرۆكایەتى كۆمار و شاندى روسیا سەرۆکایەتی نێردەی تایبەتی روسیا لە سوریا کۆبونەتەوە و لەبارەی دۆخی ئیدلیبەوە گفتوگۆیان کردوە.

ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژى سەرۆكایەتى كۆماری تورکیا رایگەیاند، "بەرونى رێككەوتنى سۆچى پێشێلدەكرێت"، داوایان لە روسیا كرد كە زامنى ئەو رێككەوتنەیە بەرپرسیاریتییەكانى جێبەجێ بكات.

تورکیا لە کۆبونەوەکەیەدا زۆر بە توندی ئیدانەی ھێرشەکانی رژێمی سوریای بۆ سەر خاڵەکانی چاودێری تورکیا کردوە، کە لایەن حکومەتی روسیاوە پشتیوانی دەکرێت.

لە کۆبونەوەی ھەردو شاندەکەی تورکیا و روسیا، بە توندی جەخت لەسەر راگرتنی خێرای ھێرشەکان بۆسەر سەربازانی تورکیا و خاڵەکانی چاودێری کە پێچەوانەی رێککەوتنناەی ئاستانایە کرایەوە.

پێگەی فەرمی وەزارەتی بەرگری توركیا دوێنێ بڵاویكردەوە "لە وەڵامی هێرشەكانی سوپای سوریا بۆ باكوری ئەو وڵاتە، 101 سەربازی سوریامان كوشتوە و 115 پێگەی هێزەكانی سوپای سوریا لەلایەن ئەنقەرەوە خاپوركراوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە وەڵامی كوشتنی پێنج جەندرمەی تورك و برینداربونی پێنجی دیكە بەهۆی هێرشەكانی سوپای سوریاوە، سێ تانك و دو زرێپۆش و هێلیكۆپتەرێكی سەر بە هێزەكانی سوریایان تێكشكاندوە.

ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری توركیا دوای چەند كاتژمێرێك دێت لە هێرشێكی سوپای سوریا بۆ سەر پێگەیەکی سوپای تورکیا لە ئیدلیب پاش بۆردومانکردنی پێنج سەربازی تورکیا کوژران و پێنجی دیكەش برینداربون.






خەندان
Top