سەرۆكی قوبرسی توركیا داوای جیابوونەوە دەكات

سەرۆكی قوبرسی توركیا داوای جیابوونەوە دەكات
سەركۆماری باكووری قوبرس، كە بە قوبرسی توركیا ناسراوە، داوا دەكات قوبرس سەر بە هیچ لایەنێك و ڵاتێك نەبێت، بەڵكوو بۆ خۆی خۆی بەڕێوە ببات، ئەمەش بەرپرسانی توركیای تووڕە كردووە و بە توندی دژی وەستاونەتەوە.

مستەفا ئاكنجی سەركۆماری باكووری قوبرس، لە دیمانەیەكدا بۆ رۆژنامەی (گاردیان) ئاماژەی داوە كە لە قوبرس ئەوانەی توركن و تەنانەت ئەو رومانەی كەمینەشن لەم وڵاتەدا دەژین، نایانەوێت بە توركیا ببەسترێنەوە و نایانەوێت لەگەڵ وڵاتی توركیا بژین.

ئاكنجی دەڵێت: "قوبرس بیری ئەوە دەكات كە خۆی خۆی بەڕێوە ببات، خۆی خاوەنی خۆی بێت و دامەزراوەكانی خۆی بەڕێوە ببات. بێگومان لەڕووی ئابووریشەوە دەمانەوێت سەركەوتوو بین و خۆمان بەڕێوە ببەین، نەك توركیا بەڕێوەمان ببات".

ئەم گوتانەی ئاكنجی عومەر چەلیك گوتەبێژی ئاكەپەی هێنایە دەنگ و گوتی ئەم گوتانە بێڕێزییە بەرامبەر بە توركیا و بێڕەوشتی كردووە، بۆیە دەبێت داوای لێبووردن بكات.

لە بەرانبەردا دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، لە پێگەی خۆی لە تویتەر لەسەر ئەو گوتانەی ئاكنجی هاتە دەنگ و، گوتی دەبێت بزانن كە باكووری قوبرس توركیایە و وەكوو توركیاش دەمێنێتەوە، هەروەها وڵاتێكی توركیشە.

باخچەلی داوای لە سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد، كە بە زووترین كات ئاكنجی لە پۆستی سەركۆماری باكووری قوبرس لا بدات.

بەڵام ئاكنجی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی كرایە سەری، لە نوێترین هەڵوێستیدا، لە پێگەی خۆی لە تویتەر ئاماژەی داوە، كە ئەو دروشمەی دەڵێت "قوبرس توركییە و هەر بە توركیش دەمێنێتەوە" هی سەردەمی سیاسەتی ساڵانی پەنجاكانە و ئێستا هیچ بایەخێكی نییە.

لەبارەی ئەو لێدوانانەشی كە بۆ (گاردیان) دابووی، ئاكنجی دەڵێت لە پشت هەموو قسەكانی خۆمم و لە هیچیان پەشیمان نیم.

لە سەروبەندی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئاكنجی لە توێتێكدا بە هەمان شێوە بەرپرسانی توركیای تووڕە كرد و، گوتی شەڕ چارەسەری كێشەكان ناكات و لەگەڵ ئەوە نیم توركیا هێرش بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان.

ئەوكاتیش باخچەلی و چەند سەركردەیەكی توركیا، داوایان كرد ئاكنجی لە سەركۆماریی باكووری قوبرس دوور بخرێتەوە، بەڵام نەتوانرا هیچی بەرانبەر بكرێت.










باسنيوز


Top