سەرکردەیەکی کەنداو نهێنییەک لەبارەی پەیوەندیی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب ئاشکرا دەکات
سەرکردەیەکی کەنداوی عەرەبی نهێنییەک لەبارەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لەچارچێوەی گرێبەستی سەدە، ئاشکرا دەکات.
حەمەد بن جاسم ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، لە هەنگاوی داهاتووی جێبەجێکردنی گرێبەستی سەدە، ئیسرائیل گرێبەستی هێرشنەکردنە سەر یەکتر لەگەڵ وڵاتانی سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەحرێن، کوێت، عومان، میسر، ئوردن و مەغریب، واژۆ دەکات.
حەمەد بن جاسم ئال سانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو دژی ئاشتییەکی دادپەروەرانە نییە لەگەڵ ئیسرائیل و بەبێ ناوهێنانیش، گوتوویەتی وڵاتێکی عەرەبی بەڵێنی پاڵپشتیی گرێبەستی سەدەی دابوو، بەڵام بەهۆی گوشاری میدیا، پاڵپشتییەکەی ئاشکرا نەکردووە.
رۆژی سێشەممە 28-1-2020، دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی گرێبەستی سەدەی راگەیاند، کە پلانێکی نوێیە و مافی دامەزراندنی دەوڵەت بە فەلەستینییەکان دەدات و قودس (ئۆرشەلیم) وەک پایتەختی ئیسرائیل پێناسە دەکات.
پلانەکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵام تا ئێستا فەلەستینییەکان رەتی دەکەنەوە.
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، گرێبەستی سەدە تەنیا تایبەت نییە بە ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەڵکو زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.
چاودێران پێشبینی دەکەن بەهۆی ئەو گرێبەستەوە، کە ئەمریکا چەند ساڵێکە کاری بۆ دەکات، عێراق بەسەر سێ وڵاتی کوردستان، سوننە و شیعەدا دابەش دەبێت.
باسنیوز
