باری نائاسیی لە سینگاپوور دەبێتە هۆی ترسی هاووڵاتییان لە نەمانی خۆراک

باری نائاسیی لە سینگاپوور دەبێتە هۆی ترسی هاووڵاتییان لە نەمانی خۆراک
لە ترسی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی سەنگاپوور ئاستی باری لەناکاوی بەرزکردەوە، ئەوەش بووە هۆی ترساندنی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لە نەمانی خۆراک.

ئەمڕۆ شەممە 08-02-2020، حکومەتی سەنگاپوور دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی گەیشتە 33 کەس، ئاستی باری نائاسایی بۆ پلەی "پرتەقاڵی" بەرزکردەوە کە دووەم بەرزترین ئاستە لە دوای "سوور".

ئەو بەرزکردنەوەیەی باری نائاسایی ترسی لای هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دروستکردووە بەوەی کە لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا باری بۆ ئاستی سوور بەرزبکرێتەوە و ئیدی رێگەیان پێنەدرێت لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە. بۆیە هەموویان بەجارێک روویان لە فرۆشگەکان کردووە و بڕێکی زۆری خۆراک دەکڕن و لە ماڵەکانیاندا هەڵیدەگرن .

وەزیری بازرگانیی سەنگاپووریش رایگەیاند، "پێویست ناکات خەڵکی لە ئێستاوە لە نەمانی خۆراک بترسن و نۆرە بۆ کڕینی خۆراک بگرن".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا رۆژ بە رۆژ مەترسییەکەی زیاتردەبێت.

دوایین ئامارەکانیش دەریدەخەن کە تاوەکو ئێستا ڤایرۆسەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 720 کەس و نزیکەی 35 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون.
Top