ئەمریکا نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلاری لە جەنگی عێراق خەرجکردووە

ئەمریکا نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلاری لە جەنگی عێراق خەرجکردووە
لەگەڵ ناردنی سەربازی زیاتر بۆ عێراق، تێچووی شەڕی 17 ساڵەی ئەمریکا لە عێراق بۆ نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.

ئەم خەرجییە گەورەیە تێچووی ئەمانەی خوارەوەن:

- خەرجییە جەنگییەکانی وەزارەتی بەرگریی

- خەرجییەکانی وەزارەتی دەرەوە بۆ هاوکاریی عێراق

- تێچووی چاودێریکردنی ئەو سەربازە خانەنشینکراوانەی کە لە شەڕی عێراق بەشداربوون

سوودی ئەو قەرزانەی کە لەسەر ئەمریکا کەوتوون بۆ خەرجییەکانی سوپاکەی لە عێراق لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا

لە ساڵی 2003ـەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا نزیکەی 838 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ خەرجیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپاکەی لە عێراق وەرگرتووە، لە نێویدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.

هەروەها واشنتن نزیکەی 59 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە "بەرەوپێشبردنی" دیموکراسی و ئاوەدانکردنەوە و مەشق و راهێنان لە عێراق و سووریا خەرجکردووە، هەروەها نزیکەی ترلیۆنێک دۆلاری دیکەی لە خەرجییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەربازە خانەنشینکراوەکان و قەرەبووی قوربانیان و برینداران لەلایەک و سوودی ئەو قەرزانەی کە لەسەر وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی ئەمریکا کەوتوون بۆ خەرجی شەڕی عێراق لەلایەکی دیکە خەرجکردووە.

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە سەرەتای ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق پرۆژە بڕیارێکی تێپەڕاند بۆ دەرکردنی سوپای ئەمریکا لەو وڵاتە، لە وەڵامیشدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، مەرجی چوونەدەرەوەیان لە عێراق ئەوەیە کە دەبێت بەغدا تێچووی شەڕی 2003 و خەرجییەکانی ئەمریکا لە 17 ساڵی رابردوو لە عێراق بداتەوە.
Top