ئێرانییەکان لە برۆکسل دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێپێوانیان ئەنجامدا
ژمارەیەک لە حیزب و گرووپ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە برۆکسل ڕێپێوانێکیان بە مەبەستی شەرمەزارکردنی سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەڕێوە برد.
لەم گردبوونەوەی ناڕەزاییەدا کە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەشدارییان تێدا کرد، بەشداربووان پلاکارد و لافیتەیان بەدەستەوە بوو کە سەرکوت و کوشتار و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان شەرمەزار دەکرد و خوازیاری لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون.
ئامادەبووان بە جەختکردنەوە لەسەر بایکۆتکردنی دیپلۆماتکارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، داوایان لە حکومەتی بەلجیکا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی کرد باڵوێزەکانی ئەم حکومەتە دەربکەن.
هەروەها جەختیان لەسەر ڕەوانەکردنی دۆسیەی بەرپرسانی بەرپرسیار بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان و بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی توندوتیژی بە شێوەیەکی یاسایی کردەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
