سوپای سودان ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ فڕۆکە ئیسرائیلییەکان دەکاتەوە
عامر محەمەد حەسەن، گوتەبێژی سوپای سودان بە کەناڵی (جەزیرە)ی راگەیاندووە، کردنەوەی ئاسمانی سودان بەڕووی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئیسرائیل مانای ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە ناگەیەنێت.
عامر محەمەد حەسەن هەروەها رایگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەی، کە سوپا ناویەتی، لە چوارچێوەی بەرژوەندیی هاوبەشی سودان و ئیسرائیل دراوە.
رۆژی چوارشەممە 5-2-2020، سوپای سودان پشتگیریی لە کۆبوونەوەی فەریق عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەریی سودان و بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ئەو دیدارە لەپێناو ”بەرژەوەندیی باڵا“ی سودان، کراوە.
دوای لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی سودان، سودان بەڕووی رۆژئاواوە کرایەوە و لایەنە سودانییەکانیش رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەروەری، تاوەکو ئامادەکاریی بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بورهان، کە فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای وڵاتەکەیە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە دەکات.
رۆژی 11-4-2019، سوپای سودان لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی وڵاتەکەی راگەیاند و بڕیاری زیندانیکردنی درا.
دوای لەسەرکار لادانی سەرۆکی وڵات، حزبەکەیشی لە دەسەڵات دوور خرایەوە و عومەر بەشیر و دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئەو حزبەش خرانە زیندانەوە.
باسنيوز
